عیسا فەیاز بەرێوەبەری گشتی لە وەزارەتی ژینگەی عیراق ئاشكرای كرد، پێشبینی ئەوە دەكەن كە لەماوەی 30 ساڵی داهاتوودا رێژەی خۆڵبارین زۆر بەرزببێتەوە و ساڵانە 300 رۆژ خۆڵبارین بێت.
عیسا فەیاز بە ئاژانسی فەرمی عیراقییەی وتووە، گۆڕانی كەش و هەوا هۆكارێكی سەرەكییە بۆ زیادبوونی شەپۆلی خۆڵبارین، بەپێی ئاماری دەستەی گشتی كەشناسی، ژمارەی ئەو رۆژانەی خۆڵبارین تێیاندا روودەدات لە 243 رۆژەوە بۆ 272 رۆژ بەرزبووەتەوە لەماوەی ساڵێكدا.
جەختی لەوەش كردووەتەوە، پێشبینی ئەوە دەكرێت لەماوەی 30 ساڵی داهاتوودا و لە ساڵی 2050 لە ساڵێكدا 300 رۆژ خۆڵبارین بێت.
سەبارەت بە زیانەكانی تری گۆڕانی كەشەوهەوا بەڕێوەبەری گشتی لە وەزارەتی ژینگەی عیراق وتویەتی، نزیكەی 70%ی زەوی كشتوكاڵی لە عیراق لەناوچوون یاخود لەژێر هەڕەشەدان.