
مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێم بەبۆنەی تێپەڕبوونی 8 ساڵ بەسەر كۆمەڵكوژی ئێزدییەكان دەڵێت، بەهۆی خۆسەپاندنی هێزی چەكدار هێشتا شنگال نائارامە و جەخت لە جێبەجێكردنی رێكەوتنی شنگال دەكەنەوە.
مەسرور بارزانی لە پەیامێكدا رایگەیاندووە، بە خەمێكی قوڵەوە یادی جینۆسایدكردنی كوردانی ئێزدی دەكەنەوە كە لەسەر دەستی تیرۆریستانی داعش هەزاران كەس شەهید و بێشەروشوێن بوون، ئەو تاوانە لەبیر ناكرێت كە ویژدانی مرۆڤایەتی و گەلی كوردستانی هەژاند و پێویستە بەهیچ شێوەیەك رێگە نەدرێت دوبارە ببێتەوە.
ئاماژەی بەوەشداوە، بەهۆی خۆسەپاندنی گروپە چەكدارییەكان تاوەكو ئێستا شنگال ناوچەیەكی نائارامە و خەڵكی سنورەكە ئاوارەن و ناتوانن بگەڕێنەوە، بۆیە داكۆكی لەسەر جێبەجێكردنی رێككەوتنی شنگال و ئاساییكردنەوەی دۆخی سنوورەكە و دەركەوتنی میلیشیا و گروپە چەكدارە لە یاسا دەرچووەكان لە شنگال دەكاتەوە.
سەرۆكی حكومەتی هەرێم جەختی لەوەش كردووەتەوە، حكومەتی هەرێم بەردەوامە لە هەوڵەكانی لەگەڵ حكومەتی عیراق و كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بۆ ئەوەی تەواوی ئاوارەكان بگەڕێنەوە سەر ماڵ و حاڵی خۆیان، ئەوەش لەپێناو ئاوەدانكردنەوەی شنگال و دەڤەرەكانی دیكە بۆئەوەی خزمەتی كوردانی ئێزدی بكرێت و بەگوێرەی یاسای رزگاربووانی كوردانی ئێزدی كە حكومەتی عیراق پەسندی كردووە، قەرەبووی كەسوكاری قوربانییان بكرێتەوە.


