
واژۆ
بەڕێوەبەرایەتی كەشناسی و بومەلەرزەزانی هەرێم بڵاویكردەوە، شەپۆلێكی بارانبارین و بارستە هەوایەكی سارد روو لە ناوچەكە دەكات و رۆژی پێنجشەممە كاریگەرییەكەی كۆتایی دێت.
بەڕێوەبەرایەتییەكە ئاماژەی بەوەداوە، بەپێی پێشبینییەكان كاریگەری نزمە پاڵە پەستۆی دەریای سوور روو لەسەر بەشەكانی باشوری عیراق دەكات و شەپۆڵێكی باران بارین روو لەم ناوچەیە دەكات، كاریگەری ئەم شەپۆڵە درێژدەبێتەوە بۆ سەر بەشێك لە ناوچەكەمان لە رۆژی چوارشەممە.
ئەوەش هاتووە، باران بارین سەرەتا لەسەر ناوچەكانی باشوری هەرێم دەست پێ دەكات پاشان درێژدەبێتەوە بۆ سەر سنووری پارێزگای هەڵەبجە و پاشان سنووری پارێزگای سلێمانی، لە كاتەكانی ئێوارەی رۆژی چوارشەممە بۆ سەر تەواوی ناوچەكەمان درێژدەبێتەوە.
كەسناسی هەرێم هێمای بۆ ئەوەش كردووە، باران بارین بە ئاستی جیاجیا دەبارێت سەرەتا، پاشان دابارین لە ماوەی هاتنی كاریگەری ئەم شەپۆڵە بە شێوەی بارانی مامناوەند دەبێت هەندێ كات لێزمە بارانی پچڕ پچڕ دەبێت، بەڵام بەو رێژەیە نابێت كە كاریگەری لافاوی هەبێت، لەگەڵ هاتنی ئەم شەپۆڵە بارستە هەوایەكی سارد روو لە ناوچەكەمان دەكات لەسەر ناوچە شاخاوییە سنوریەكان و لوتكەی شاخە بەرزەكان بەفر بارینی دەبێت.
جەخت لەوەش كراوەتەوە، رۆژانی چوارشەممە و پێنج شەممە پلەكانی گەرما روو لە نزم بوونەوە دەكات، رۆژی پێنج شەممە كاریگەری ئەم شەپۆڵە كۆتای دێت لەسەر ناوچەكەمان.

